لە خۆ بردوو
#چیرۆک
✅لەخۆبردوو
هەر بەمنداڵی زیرەکی و دانایی دەرکەوت، گوندەکەیان دەکەوتە سەر رێگای پایتەخت، باوکی نەمابوو، لەگەڵ دایکی دەژیان، شوانی سەرچاوەی بژێوییان بوو، خودا بەدانایی قەرەبوی بێنازی باوکی بۆکردەوە، وەڵامی پرسیارە ئاڵۆزەکانی دەزانی.
رۆژێک پادشا لەوێوە تێپەڕی، روخساری شوان سەرنجی راکێشاو راوێژکار لەبارەی ئەم گەنجەوە زانیاری هەبو، لەبەرئەوە ویستی زیرەکی تاقیبکاتەوە، پرسی چۆن نایەکسانی بنەبڕ بکەین، شوان وتی؛ بۆچی ئارەزوی یەکسانی دەکەیت؟!
ئەگەر شاخەکان لەگەڵ زەوی یەکسان بکەین، باڵندەو ئاژەڵان بچنە کوێ، زەریاو زەوی یەکسان بن، ماسییەکان لەکوێ بژین، بۆیە بیر لەیەکسانی مەکەوە، پێبکەنە و بگری، بڕۆ و بمێنەوە، هەموو شت و هیچ مەکە، گرنگ مرۆڤ و داناو دانا بیت.
لەسەر داوای پادشا وەک راوێژکاری کۆشک دەستبەکار بوو، دەرگای خەزێنەی لەبەردەمدا کرایەوە، جلوبەرگی بەئاڵتون نەخشێنراوی لەبەرکرد، جگە لەشوێنی حەوانەوە ژورێکی بچوکی هەبوو، بەتەنیا هەموو بەیانییەک دەچوو ناوی، بەجۆرێک جێی گومان بوو.
پادشا ئەگەرچی باوەڕی نەکرد، شوانی راوێژکار دز بێت، فەرمانیکرد دەرگای ژور بشکێنرێت، بینیان جگە لەگۆچان و شمشاڵ و جلەکانی سەردەمی شوانی هیچیتری تێدا نییە، رۆژانە هاتوە تا رابردوی خۆی بیرنەچێت و بەم شوێنە تازەیەوە نەنازێت.
#سەلام_کەریم
Comments
Post a Comment