ناخی مرۆڤ
#چیرۆک
ناخی مرۆڤ
سەرەتا مرۆڤ لەدارستان دەژیا، روت و رەجاڵ، بێدەرەتان و ببێناز، هێزی بەرگری لەخۆی نەبوو، بونەوەرێکی نامۆ بوو، لەبەهەشتی خوداوە فڕێدرابووە سەر زەوی، لەجێی خۆی هەڵکەنرابوو، شارەزای رێگاو ژیانی دارستان نەبو، لەترس و تەنیایی و نامۆییدا دەژیا.
ئەوکات ئاژەڵ و گیاندارانی دارستان خۆشحاڵ و سەربەرز دەژیان، هەماهەنگ و هەرەوەز بون، لەمسەر بۆ ئەوسەری دارستان بێ ترس دەهاتن و دەچون، بەسروشتی خۆیان دەژیان و هەڕەشەی کەسیان لەسەر نەبوو، تا یەکەم مرۆڤ کەوتە نێوانیان.
مرۆڤ لەدارستان گۆشەگیر بوو، سەری لەسەر ئەژنۆ دانابو، لەخشەی مێرولەیش دەترساو رادەچەڵکی، تا دەهات خۆی لەبەرچاو وندەکرد، لەکۆبونەوەی گەورەی دارستان، بەبەزەییەوە باسی مرۆڤە نامۆکە کراو بڕیاریاندا هاوکاری بکەن.
گیاندارانی دارستان لەدەوری مرۆڤ کۆبونەوەو دڵنیاییان پێداو پێیانوت هەرچییەک داوابکات، بۆی جێبەجێدەکەن، مرۆڤ لەترس دەرچوو، دەرگای بۆ خواستەکانی واڵا بوو،
پادشایەتی شێر، چڕنوکی پڵنگ، تێژی چاوی هەڵۆ، تەڵەکەبازیی ڕێوی.
مار وتی؛ من قوڵایی زەویت نیشان دەدەم، زۆری نەبرد مرۆڤ لەترس و نامۆیی دەرچوو، بەڵام لەناخی بۆشاییەک مایەوە، ئەویش هەرگیز تێرنەخواردن و رەزامەند نەبون، رۆژێک ژیان هاواریکرد، ئەی مرۆڤ من تەواو بووم و حەزی تۆ تەواو نەبوو.
#سەلام_کەریم
Comments
Post a Comment