چیرۆکی دیلێکی عێراقی
چیرۆکی دیلێکی عێراقی
پێشکەشکار د.حميد:خۆت بناسێنە و پێمان بڵێ چۆن بەدیل گیران؟
ناوم محمد محسن جابر اليعقوبية،سەرباز بووم لە فەوجی 4،لیوای 443،لە بەرەی جەنگی هەڵەبجە.لە ڕێکەوتی 14.3.1988 سوپای ئێران هێرشی کردە سەرمان،ئێمە ئابڵوقە دراین،شەوان هەوڵمان دەدا دەرباز ببین،نزیکەی 20 سەرباز بووین،شەوێکی زۆر تاریک بوو،ماوەیەک بە پێ دەڕۆیشتین،ئینجا پشومان دەدا،نزیکەی 48 کاتژمێر بوو،نانمان نەخواردبوو،تەنها تۆڵەگەمان دەخوارد،لە وێستگەیەکی پشوداندا،خەوم لێکەوتبوو،کاتێک چاوم کردەوە،بە تەنها مابوومەوە،ماوەیەک ڕۆیشتم تا گەیشتمە سەر ڕووبارێک،نەموێرا بپەڕمەوە،لەوێ خەوتم،کاتێک چاوم کردەوە،خۆرهەڵهاتبوو،پێشمەرگەیەک، چەکەکەی لەسەر سەرم دانابوو،منی بردە بن دارێک،لەوێ چوار دیلی تری لێ بوو،فرۆکە عێراقیەکانی ناوچەکەیان بۆمباران دەکرد،گوێم لە دەنگێک بوو،بە جەماعەتەکەم گوت،ئەمە دەنگی بۆمبی کیمیاییە،گیرفانی پانتۆڵەکەم لێکردەوە و تەڕم کرد و خستمە سەر دەم و لووتم،دواتر پێشمەرگەکان ئێمەیان بردە سەر لوتکەیەکی بەرز،نزیکەی 50 دیلی سوپای عێراقی لێ بوو،دواتر جەماعەتی ئێرانیەکان هاتن،هەر پێنج دیل ،دوو فەردە ئاردیان بۆ پێشمەرگەکان دەنوسی!
،ماوەی 13 سەعات بە پێ ئێمەیان برد،کوژراوێکی ئێرانیمان لە ناو بەتانی هەڵگرتبوو،نۆرە گەیشتە من بۆ هەڵگرتنی کوژراوەکە،من و سێ کەسیتر لچکی بەتانیەکەمان هەڵگرتبوو،گەیشتینە لای سەربازێکی ئێرانی،سەیری تەرمی کوژاوەکەی کرد و هاواری کرد (عەلی)،ئینجا تەقەی لێ کردین،هەر سێ کەسەکەی لەگەم تەرمەکەیان هەڵگرتبوو کوژران،تەنها من سەلامەت بووم،ئینجا تەرمی کوژراوەکانمانیان پێ فڕێ داینە خوارەوە! سەربازەکە،ویستی فیشکی مەخزنێکیتر بەکار بهێنێت،بەڵام گرتیان.
لە ڕێگادا کاریگەری کیمیاویەکەم هەست پێ کرد،من و سێ کەسی تر کە بریندار بوون،دوا دەکەوتین،بۆیە سەربازە ئێرانیەکان بڕیاریان دا لەسەر چۆک دابنیشین،ئینجا تەقەیان لە هەر چوارمان کرد،هەر سێ بریندارەکە کوژران،تەنها من سەلامەت بووم!سەربازە ئێرانیەکە بە منی گوت:شوما سەید واتا ئەتۆ سەیدی؟گوتم بەڵێ سەیدم موسەویم،ئینجا بە هاوڕێیەکانی گوت:تەقەم لەو کەسە کرد بەڵام هیچی بەرنەکەوت!،ئەوە سەیدە!ئینجا باوەشیان پێمدا کرد و داوایان لە چوار دیل کرد،لە ناو بەتانی هەڵمبگرن،دوای یەک سەعات گەیشتینە لای سەیارەکانی سوپای ئێران،ئێمەیان سوار کرد،لەسەر چیایەکە دیار بوو،سەدان لۆری پڕ دیلی عێراقی کرابوون،دوای چوار سەعات گەیشتینە زیندانێک،ماوەی سێ ڕۆژ بوو،نانمان نەخواردبوو،بریندارەکان تیمار نەکرابوون،زانیمان کە 3000 دیلی عێراقی لەو زیندانەیە،دیلێکم ناسیەوە،کاتی خۆی جیرانمان بوو لە شاری بەسرا،گوتم دەمناسیەوە؟گوتی:بە گوێرەی دەنگەکەت،ئەتوو یەکێکی لە کوڕەکانی سەید موحسین،وایە؟گوتم بەڵێ من فڵانە کەسم.
زۆر یارمەتی دام،خواردنم بۆ قووت نەدەدرا،ئەو خواردنەکەی لە ناو دەمی خۆی دەچوو،ئینجا دەیخستە ناو دەممەوە!دواتر پێی گوتم:ئێمە پێشتر، لە ناو خۆمان دەمانگوت:ئەو کەسە مردن بۆی باشترە لە ژیان!گوتم:لەبەر چی؟گوتی:ڕوخسارت شین هەڵەڕاوە و چاوەکانت وەکو خوێن سوور هەڵگەڕاون!
دواتر 2000 دیلیتر هاتن،ژمارەمان بوو بە 5000 دیل،ئینجا ئێمەیان سوار پاسی بچووک کرد و مەبەستیان بوو،بە ناو شارەکانی ئێران دا بمان سوڕێننەوە،یەکەم شار گەیشتینە ناو شاری کرمانشاه،لە ناو بازار سەیارەکانیان دەوەستاند و بە موکەبیرە بە دەنگێکی حەماسی هاواریان دەکرد و پێناسەی ئێمەیان دەکرد،جامەکانیشیان کردبوەوە،خەڵکی بە بەرد و تەماتە و شتیتریان بۆ دەهاویشتین،ئافرەتێک بە چەترەکەی هێرشی کرد سەرم،هاوڕێیەکەم چەترەکەی گردت و بەری نەدەدا،تا چەکدارێکی ناو پاسەکە لێی دا و چەترەکەی دایەوە ژنەکە!
کاتێک لە شارێک دەردەچوین،کەمێک دڵمان خۆش دەبوو،ئینجا لە شارێکیتر هەمان بەزم دووبارە دەبووەوە!
دواجار لە بەرە بەیاندا گەیشتینە شاری تاران،
ئێمەیان بردە ناو یاریگایەک بە ناوی یاریگای تەختی کە تایبەت بوو بە ئافرەتان،ئێمە لە دەرەوەی یاریگایەکە لە ناو ئەو ژوورانە بووین کە سەرەکەی جێی دانیشتنی هاندەران بوو،
ئەو زیندانە لە لایەن چەندین دیلی عێراقی بەڕێوە دەچوو،پێیان دەگوتن (التوابین)واتا ئەوانەی پەشمان بونەتەوە و تۆبەیان کردووە،بە زمانی عەرەبی پێیان گوتین،جلە سەربازیەکانتان دابنێن،تەنها جلی ژێرەوە بهێڵنەوە،ئینجا ماوەی سەد مەترێک دەڕۆیشتین،دەگەیشتینە لای کەسێکی ئێرانی،دەبوو جلی ژێرەوەشمان دابنێین!
ماوەی یەک مانگ تەنها بە جلی ژێرەوە ماینەوە،تا یەکێک لە جەماعەتی تەوابین قەمیسێکی خۆی پێم دا.
خواردنمان تەنها بەشی ئەوەندە بوو نەمرین،
ڕاستیەکەی لە ئێران سێ جۆر زیندانی تایبەت بە دیلی عێراقی هەبوون،بەشێکیان حاڵیان زۆر باش بوو،ئەوانە لە لایەن ڕێکخراوی خاچی سورەوە سەردان دەکران،بەشی دووەم ئێمە بووین،دۆخمان مام ناوەند بوو، بەشی سێیەم تایبەت بوو بەوانەی بەعسی بوون،یان ئەفسەری پلە باڵا بوون،دۆخیان زۆر دژوار بوو.
لە پێناو ئازادبوومدا، ڕازی بووم لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای شۆرشی ئیسلامی دا کار بکەم.
ماوەیەک لە بواری راگەیاندا کارم لەگەڵ کردن،بەڵام بە هۆی بەشداریم لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا و دەست بردن بۆ چەند تەوەرێک،لە لایەن دەسەڵاتداران ئێران دا داواکرام،بۆیە بە ناچاری و بە قاچاغ ئێرانم جێهێشت،لەسەر سنوور تەقەیان لێمان کرد،قاجاغچیەکان ئێمەیان جێهێشت،ئێمەش هەڵهاتین،گەیشتمە شوێنێک چێشتخانەیەکی لێ بوو،بە زمانی فارسی داوای خواردنم کرد،ئەوانیش بە فارسی وەڵامیان دامەوە،کاتێک خواردنەکە هات،سەیرم کرد نانەکەیان ڕەنگی بۆر بوو،گوتم بۆ ئەم نانە وایە؟
گوتیان ئێمە ئابڵوقەمان لەسەرە،گرانیە!
گوتم:بۆ ئێرە کوێیە؟گوتیان خاکی عێراقە!!
راستیەکەی ترسام،چونکە مەبەستم بوو،بچمە تورکیا.
دواتر لە دەڤەری سولەیمانیەوە هاتمە هەولێر،ئینجا لەگەڵ جەماعەتی احمد چەلەبی لە ڕاگەیاندن لە شەقڵاوە کارم کرد.
لە ساڵی 1994 شەری ناوخۆی هەرێم دەستی پێ کرد،بارودۆخ زۆر دژوار بوو،بۆیە چووم بۆ سوریا،لە ساڵی 1998 گەرامەوە بۆ عێراق و خۆم تەسلیمی حکومەتی عێراق کردەوە،لە سەتەلایی عێراق بەرنامەیەکم پێشکەش دەکرد،دوای ماوەیەک لە لایەن ئەمنەوە داواکرام،گوتیان چۆن ئەتوو لەم شوێنە هەستیارە کار دەکەی،ئەتوو دیلی هەڵگەڕاوەی(الاسیر المرتد)
منیش گوتم:هیچ کەسێک نەیگوتووە کە من بۆ ئەم شوێنە شیاو نیم،ڕاستیەکەی واستەیەکی گەورەم هەبوو،لە لایەن خزمێکمەوە،ئەو قۆناغەشم تێپەڕاند.
ئەمەش لینکی چاوپێکەوتنەکەیە
https://youtu.be/2ODHZQkS6GQ
وەرگێرانی:حاجی هیوا
Comments
Post a Comment