ئەو پیاوەی مرد

 ئەو پیاوەی مرد

لەرۆژی سێیەمی مردنەکەمدا ، هەموو ژنان و کچانی خێزانەکەمان هاتنە سەر گۆڕم هەروەک ئەو داب و نەریەتەی کەپێویستە  .. هاتوهاوار و قیژەقیژ و دەنگەدەنگ و کوڕوزانەوە شکستی بەبێدەنگی ناو گۆڕ هێنابوو ،، گۆڕەکانی دراوسێ ووتی ووتییان تێ کەوتبوو ،،، منیش ئارەزوویەکی سەیر ،،، لەناو ئەو هەموو ژاوەژاوەدا دەنگی هاوژینەکەمم جیاکردەوە 

- ئەی شێرررررەکەم ،،، ئەی ئازیییییزم ،، بۆ کێ بەجێت هێشتین ؟!

بەرەو کوێ بڕۆین ،، لەدوای تۆ چی بکەین ئەی خۆشەویستم ؟!

/ ئازارسەرتاپای داگرتم و خەم دایپۆشیم .. ئەمویست ئەو کفنەی پەتی کردووم  بیدڕێنم ، کتوپڕ دەنگی نەما و دەنگی ئافرەتانی تر بەرز بوەوە

ئەی هاوار ... بورایەوە و هۆشی نەما .. ئەو بۆنە بێنن .. پیازێک پەیا بکەن .. کچێ تۆزێک غیرەت وورەت بەرز بێت هۆشت بێتەوە ... خوات لەبیر بێت و لەبەر ئەو دوو کچە دان بەخۆتا بگرە ... بێدەنگییەک لەپڕدا زاڵ بوو .. هەروەک  دەنگەدەنگەکە ،،، زانیم کەرۆشتن و بەجێیان هێشتم بۆ دڵەڕاوکێیەکی بێ سنوور

- ئیتر ئەبێت رابێیت 

دەنگێکم بیست کەنەمتوانی خاوەنەکەی جیا بکەمەوە لەناو ئەو هەموو تاریکی و پێچاوپێچی کفنەی لێم پێچرابوو ... ناچار تەسلیم بووم بەقەدەرم ،، وەڵامم نەدایەوە ... دوای هەفتەیەک هاوژینەکەم هاتەوە،،، گوێم لەدەنگی بوو زۆر نزیک بوو لێمەوە هەروەک ئەوەی لەسەر سەرم بێت ،،، هەنسکەکانی پشکۆیەکی سوتێنەر بوون و بەگریانەوە ووتی : ئازیزم ... گوێێ مەیەرێ دواکەوتم لەسەردانت ،، توانام نیە باوکی پرژە و پەژار  ،،، ناتوانم بڕوا بکەم کەرۆشتویت و بەجێت هێشتوین !!!

خۆزگە لەبری تۆ من ئەبووم

ئەمەی ووت و گریانێکی بێ وێنە گریا بەجۆرێک کە گۆڕەکەم پڕ بوو لەفرمێسک و لاشەی سیسم سەرکەوت و بە بنمیچی گۆڕە تەسکەکەمەوە نووسا ،، پێش ئەوەی گڵی ناو گۆڕەکە فرمێسکەکان هەڵمژێت !

دوای هەڵمژینی ، لاشەی سیسی بۆگەن کردوم گەڕایەوە بۆ قوڵایی چاڵە پڕ لەکرمەکە .

ئەمجارەش بێ دەنگی دایپۆشێمەوە و هەروەک ئەوەی جیهان  خامۆش بووبێت .

دوای یەک مانگ ...هاتەوە ... من لەناخمەوە لێی زویر و توڕەبووم و ڕوم گرژ کردبوو ئەو روخسارەی کە گۆشتەکەی کەوتبوو لەدووریەکی نزیک لەخۆم کە بۆمن زۆر دوور دیار بوو ،، بەڵام دەنگە بەسۆز و غەمگینەکەی هاتە ناو دڵم وەک دەستێکی سارد و هەڵێگڵۆفی و سەرینا بەکێلەکەوە و ووتی : ئەزانم لێم زوویریت ،، بەڵام کەگوێت لێم بێت ، لێم ئەبوریت ، تۆ دەرگای ماڵەوەت لێ داخستبوین و گەورەی ماڵ بویت و ئێستا بێ گەورە بەجێت هێشتوین ،، ژیان زۆر قورس و سەخت و پڕوکێنەرە ،، موچەکەت بەشمان ناکات و لە یەکەمین دەرۆژی مانگدا تەواو ئەبێت و ئەو مووچەیەی  کەدوای نیوەڕوان وەرت ئەگرت و یارمەتی دەرێک بوو بۆ بەڕێ کردنی ژیانمان  ئەویش تەواوو ... لەدوای مردنت بڕڕا ،،، ئازیزم بەخوا ناچار بووم کە من ئیشێک بدۆزمەوە و بیکەم ..بەڵام ترست نەبێت ، ئیشەکەم باشە و بێ ترسە ، پیرە پیاوێک و ژنە بەتەمەنەکەی بەتەنیا ماون و بۆ بەڕێ کردنی ژیانیان رۆژانە چەند کاتژمێرێک لەلایان ئەبم و هاوکارییان ئەکەم و هاوکاریم ئەکەن  تا بەکولە مەرگیەکی کەمتر ژیان بەڕی بکەم ... شەوان لەتاو ئازار خۆم خۆم دەرمان ئەکەم ،، کەهەرگیز ئەوەم نەکردوە کەتۆ زیندوو بویت .....

ئەی نەفرەتی ئاوا ؟! ئا  ئاوا ؟!  کتوپڕ ئەڕۆیت و ژن و کچەکانت بەجێ ئەهێڵیت بۆ پەت پەتی رۆژگار .. ئاوا بەئاسانی مردیت ؟!!! بێ ئەوەی بەرگرییەک بکەیت ؟!

ئاخ ...........................................


دوای دوو مانگ هاتەوە .. نە زوویر و نە توڕە بوووم بەڵکو شەرمەزار و شكست خواردوو بوم ،،، بەدەم هەنسکەوە و بەدەنگێکی کزی پڕ لەحەسرەت ووتی :

باوکی پرژە بەخوای گەورە ماندووم ، ماندووبوم ،، ئەو ماڵە و ماڵم و مناڵەکان بۆ توانای من  زۆرە ، ئیتر لەتوانامدا نەما ... تەواووو

منی نەفرەتی بەبیستنی ئەم ووشانە لەشەرمەزاریا ئەتوامەوە .. ئاواتم بوو بێدەنگ بێت و هیچی تر نەڵێت یان هەر هیچ نەبێت من کەڕڕ ببم یان بڕوات !!!

خانەنشینیەکەت لەگەڵ مووچەکەم بەشی کرێ و بژێویمان ناکات ... ئاخر دەپێم بڵێ من چی بکەم ؟

منێکی گەنجی جوان ، دوو کیژۆڵەی جوانکیلە ،، پیاوێک نەبێت بەرگریم لێ بکات و بمان پارێزێت لەدوای تۆ ،، چاووی پیاوان لەفیشەک خراپترە و خەڵکی دەمیان ناگرن و رەحم بەکەس ناکەن !

/ قسەکانی کاریگەرییەکی باشی نەبوو لەسەرم و ووردتر گوێم بۆ گرت و چاوەڕێی بیستنی خراپ تر بووم  ،، هەرواش بوو /

بەردەوام بوو لەقسەکانی ... تۆ خۆت باش ئەزانیت روو لەخوام و خۆم ئەپارێزم 

یەکێک هاتۆتە پێشەوە و داوای کردووم ،،، پیاوێکی باشە و لە بنەماڵەیەکی ناودار و باشە و کارێکی باشی هەیە و کاسبە ... ژنی هەبوە و لێی جیابۆتەوە لەبەرئەوەی مناڵێ نەبوە .... مەبەستم ئەوەیە کچەکان بەکچی خۆی ئەزانێت و لەسەر چاووی دایان ئەنێت ...

 / ئای خوای بێ خوا !!!

کێ ووتی مردوو ئاسودە یە ؟؟؟!!!!

ئاخر ئیلاهی پرژە و پەژار  کچی منن !!!!

وەک کچێ خۆی و بەکچی خۆی بزانێت ....!!!!!!  /

بەردەوام بوو ،،، گوێی مەیەرێ هیچ رێگا و چارەسەرێکم شک نەبرد بێجگە لەرازی بوون ،،، نەئەکرا من و کچەکان سەرگەردان بین ،،، بەدرێژایی ژیانم لەبیرم ناچیتەوە ،، سەردانت ئەکەم ،، کچەکانیش سەردانت ئەکەن و ئەوان کچتن و منیش دایکی ئەوانم و هەرواش ئەمێنینەوە 

لەو شەش مانگەی کەلەدوا سەردانیدا بەرێم کرد هەوڵێکی زۆرمدا هەموو ئەوشتانەی لەژیانمدا بەڕێم کردوە لەبیر خۆمی ببمەوە

بەڵام نەمتوانی !!!

ئەڵێن مردوو بێ بیروهۆشە و هیچی لەیاد نامێنێت ،،، بەڵام بۆم دەرکەوت هەموو شتێک ئەمرێت لەگەڵ مرۆڤدا بێجگە لە یادەوەری !

دەرەوە زۆر قەرەباڵغ دیاربوو ، دەنگەدەنگێکی زۆر ، زانیم کەجەژنە ،، هەروەک عادەتە لەجەژناندا کەسوکار و ئازیزان سەردانی گۆڕستان ئەکەن لەبەرەبەیانی یەکەم رۆژدا .

- گۆڕت پڕ لەنور بێت

Comments

Popular posts from this blog

ڕەوشت چیە

چیرۆکی مناڵ و باوک

بازرگان و دز