چیرۆکی کاریگەر

 چیرۆکێکی بەهێز ..


سەرەنجامی براژنێك کە تەماعی لە شووبرای خۆی کردبوو.

چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە ژنەکە خۆی دەیگێڕێتەوە دەڵێ:

بەسەرهاتەکەم لەیەکەم شەوی بووکێنیمەوە دەستی پێکرد👰

هاوسەرەکەم و براکەی ، بە یەك حەفلە زەواجیانکرد👬

من یەکەم جارم بوو (هێوەرژنم) واتە ژنی شووبراکەم ببینم ، جوانییەکی سادە و ڕوخسارێکی گەنم ڕەنگی هەبوو ژنێکی ڕەشکۆکە و ساکار بوو. 🙎

بەڵام جوانییەکەی من ، هەموو پایەکانی سەرنجڕاکێشی و شیرینی مێینەی دەگرتەخۆی ، جوانییەکەم ئاوی لە بەردی دێنا ، پێستێکی سپی و گەش ، ڕوخسارێکی منداڵکارانە و قژێکی درێژ و قەترانی و جووتێ چاوی گەش و کلڕێژی ڕەش....

دوای زەواج سەرنجم دەدا شووبراکەم زۆر خێزانەکەی دەلاواندەوە و سەرەڕای جوانیە سادەکەیشی زۆر شەیدای بوو خۆشی دەویست.

بەڵام مێردەکەی من زۆر سەرقاڵی کار و کاسبی بوو هێندە بایەخی بە جوانییە دڵفڕێنەکەی من نەدەدا.

لێرەدا دەستەچیللەی بەغیلی و حەسوودی لە دەروونمدا کڵپەی کرد و بڵێسەی لێ هەستا.

ئیدی ویستم هەرچۆنێك بێت پەیوەندی قاسمی شووبرام و ژنەکەی تێكدەم دەمگوت بۆچی دەبێ پیاوەکەم گوێ نەداتە من و ئەویش ئەوها بۆ ئەو مەیموونە بسووتێ و گرنگی پێبدات؟!

سەرەتا هەوڵمدا سەرنجی شووبراکەم بۆلای خۆم ڕابکێشم ، ئیدی زۆرجار کە بەلامدا ڕەتدەبوو لەشولاری خۆمم بۆ دەنواند ، پاوپووزە سپییەکانم بۆ هەڵدەکرد ، کاتێك سڵاوم لێدەکرد دەنگی خۆم ناسك دەکرد ، کاتێك گوێم لە نەرمە کۆخەی ئەو دەبوو بە درەنگەوە سەرپۆشەکەم دەخستەوە سەر سەرم.

هەڵسوکەوتم بەرانبەر قاسم جێگای تێڕامان بوو ، ئەو هەرچەند لێم تێدەگەیشت ، بەڵام هیچ گوێی نەدەدامێ ، وەك بڵێی خۆی لە خەتی گێلی بدا وابوو! ڕۆژ بەڕۆژیش زیاتر شەیدای خێزانەکەی خۆی دەبوو . هێوەر ژنم  لە هەڵسوکەوتەکەم تێگەیشتبوو زۆر ناڕەحەت بوو بەڵام بەسەرخۆی نەدەهێنا و هیچی نەدەگوت.

وایلێهاتبوو بێتامم کردبوو.. بەرانبەر شوقەکەی ئەوان بە کراسی تەنك و تەسکەوە دەردەکەوتم کراسی کورت و نیوقۆڵ و نیمچە ڕووت..

ئەویش کە دەهاتەدەر تەواوێك نەرمەکۆخەی دەکرد هەتا خۆم داپۆشم ، بەڵام من خۆم لێ گێل دەکرد ، کاتێکیش دەهاتە دەرەوە خۆم دەشڵەژاند و پەرێشانیم دەنواند!....

دوای پێنج مانگان دووگیان بووم بە دووانەیەك ئەوجار زیاتریش لەخۆم بایی بووم و خۆم بەسەر ئەو ژنە داماوەدا هەڵدەکێشا دایم باسی دووگیانی خۆمم دەکرد و پلار و توانجم لێدەدا..

پاشان دووانەکەم بوون دوو کوڕ بەسکێك.

ڕۆژێکیان لەماڵ دانیشتبووم سەیری ئەڵقەیەکی تەلەفیزیۆنیم دەکرد ، ئەو ژنە هات لەلام دانیشت هەرچەند ئەو ژنێکی زۆر باش بوو ، بەڵام من چارەم نەدەویست و قینم لێی بوو ، دەستم خستە سەر لووتم و گوتم ئەوە چییە ئەو بۆنە ناخۆشە؟!  بۆنی تۆ زۆر ناخۆشە ، ئەرێ بۆنێکی خۆش تۆزێك زەوقی جوان! بۆچی لە تۆدا نییە .بەگاڵتەپێکردنەوە،

لەراستیشدا داماوە زۆر بۆنخۆش و شیکپۆش و برنجی و پاك و خاوێن بوو ، زەوقێکی ساغی هەبوو لە هەڵبژاردنی پۆشاك و عەترەکانی بەڵام بەغیلی و ئیرەیی کوێری کردبووم و بەناحەق ڕەخنە و عەیبم لێدەگرت بێ ئەوەی ئەو ئافرەتە بەشەرم و شکۆیە بێتەدەنگ یان لانی کەم بەرگرییەك لەخۆی بکات ، وەك بە زمانی حاڵ بڵێ (حەواڵەی خودا بی..) وەهابوو..

دوای دوو ساڵان ئەویش کوڕێکی بوو ناوی نا محمد ، منیش سەرجەم هەوڵەکانم بۆ تێکدانی نێوان هێوەرژن و  شووبراکەم بەفیڕۆ چوون.

تا ڕۆژێکیان باوکم هات ، هەواڵێکی ناخۆشی پێدام وەك بومەلەرزە کۆشکی گیانمی هەژاند و گوتی کچی خۆم نابێ بەم هەواڵە ناڕەحەت بی ، چونکە شەرع فرەژنی حەڵاڵ کردووە مێردەکەت ئەوە بەینێکە ژنێکی دیکەی هێناوە.. 

ئەمە زللـەی یەکەم بوو تووشی شۆکی کردم چونکە مێردەکەم زۆر خانەکی(ماڵی) و بەسەزمان دیاربوو ، من کوێرانە متمانەم پێی هەبوو هیچی لەبارادا نەبوو زۆر جار پشتی بە من دەبەست و پرسی پێدەکردم ، بەڵام کاتێك ڕوو بەڕوو پێم ووت ، دانی بەڕاستییەکەدا نا..

ئیدی بەرە بەرە هۆگری ژنە تازەکەی دەبوو و کەمتر بایەخی بەمن دەدا ، وایلێهاتبوو من هەر لەسەر کاغەز ژنی بووم..

زللـەی دووەمیش ئەوەبوو کاتێك بەسەردان لەماڵی خوشکەکەم بووم لەچێشتخانەکەیاندا خەریکی ئیشکردن بووین مەنجەڵە ئاوی کوڵیو لەسەر غازەکە بوو منیش کاشییەکانم دەسڕینەوە قاچم هەڵخلسکا و کەوتم .. ئاگام لەدنیا نەما کاتێك چاوم کردەوە لەخەستەخانە بووم دوکتۆر گوتی سەلامەتییە ، ئاوی کوڵیو بەسەر هەموو جەستەمدا ڕژابوو ، ڕوخسار و پێستە ناسکەکەم شێوابوو دەتگوت مۆمیاکراوم..

من ویستم ئەو ژنە داماوە تێكبشکێنم بەڵام دەستی پەروەردگار دووجار تێکی شکاندم...

ئەوجار مێردەکەم ژنە تازەکەی هێنایە سەرماڵەکەم تا لەگەڵماندا بژیت و شوێنی من و ژوورەکەی منی گرت.

ناخم هەڵدەقرچا کە دەمدیت ئەو ژنە تازەیە بەجلە تەنك و نیمچە ڕووتەکانیەوە دەوروخولی مێردەکەم هەڵدەسووڕا و بەلێزانی خۆی تێهەڵدەسوو و بە بەرچاوی منەوە سەرنجی بۆلای خۆی ڕادەکێشا و ...

بەڵام من تازە لەوەدا نەمابووم بتوانم منافەسەی ئەو بکەم چونکە پاوپووزە جوانەکانم وەك سەلکە بزووتی ڕەشیان بەسەرهاتبوو جوانیەکەم ڕەونەقی نەمابوو..

ئەوجار تێدەگەیشتم کەمن چەندە ئازاری هێوەر ژنەکەم (ژنی شووبراکەم) داوە...

ئیدی دەسەڵاتی خودا هەموو ڕەفتارە دزێوەکانی خۆمی پێ نیشان دەدامەوە و تۆڵەی ئەوی لێدەکردمەوە هەرچی دەمویست لەئەوی بستێنم خۆم لەدەستمدا .. بەڵێ ئەو سەرکەوت بێ ئەوەی هیچ کارێكی قین لەدڵانە و ڕق و کیناوی لە دژی من بکات بێ ئەوەی دین و شەڕەفی خۆی لەو پێناوەدا بخاتە موزایەدەوە..

ئەوە هەر خۆم بووم سەرچاوەی بەغیلی و کینە و نەفرەت بووم هەتا بڵێسە و کڵپەی ئەو قینە هەموو ژیان و هیوا و خەونەکانمی سووتاند.

خودا هیدایەتمان بدات و لەتەفرەی نەفس و شەیتان... لە فیتنەی ئاخیرزەمان بمانپارێزێ.

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە / عەبدوڵڵا تاهیر ١٠-٨-٢٠٢٠

Comments

Popular posts from this blog

ڕەوشت چیە

چیرۆکی مناڵ و باوک

بازرگان و دز